راگەێنراوێکی چوارقۆڵی خۆرئاوایی: پەیوەندییەکانمان ئاسایی ناکەینەوە و سزاکانی سەر سوریاش لانابەین
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی راگەێنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوای لێپرسینەوەیان لەگەڵ حکومەتی سوریادا کرد لەسەر ئەو “دڕندەییانەی ئەنجامیداون”.
لە راگەێنراوەکەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ یادی 12 ساڵەی جەنگی سوریادا، دووپاتیان کردەوە کە هیچ ئاساییکردنەوەیەکی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سوریا روونادات و سزاکانی سەری هەڵناگرتێت.
ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە راگەێنراوێکی هاوبەشدا گوتیان، “رژێمی ئەسەد دڕندەیی بەرامبەر گەلەکەی ئەنجام دەدات و رێگە بە تیرۆریستان دەدات هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە بکەن”.
لەو راگەێنراوە چوارقۆڵیەدا ئاماژە بە رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە دابینکردنی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوە سوریا کراوە، بەرلە گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بەردەوام بۆ ئەو وڵاتە.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەو چوار وڵاتە جەختیان لەوە کردەوە، “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئاسایی ناکەینەوە و سزاکان هەڵناگرین تا چارەسەرێکی سیاسی لە سوریادا بەدی نەهێنرێت”.
هەروەها لە راگەێنراوەکەدا داواکراوە کە “پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێکەوە کاربکەن بۆ لێپرسینەوە لە رژێمی ئەسەد و هەموو ئەنجامدەرانی پێشێلکاری و دڕندەییەکان”.
دەرکردنی ئەم بەیاننامە چوارقۆڵییەش هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا بۆ مۆسکۆ و دیداری لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، هاوتا رووسییەکەی، هاوکاتیش بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی چوارقۆڵی نێوان تورکیا، رووسیا، ئێران و حکومەتی سوریا لە 15 و 16ی ئازاردا.