هاتنی کاروانێکی نوێی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئیدلیب
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، کاروانێکی نوێی هاوکاری مرۆیی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دابینکرابوو، لە دەروازەی سنووری باب ئەلهەواوە لەگەڵ تورکیا، لە باکووری ئیدلبەوە گەشتە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سوریا.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، “کاروانێکی یارمەتییە مرۆییەکان کە پێکهاتووە لە 30 بارهەڵگری نەتەوەیەکگرتووەکان چوونەتە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن دەستەی ‘تەحریرشام’ەوە کۆنترۆڵکراون لە ئیدلب، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییانەدایە کە بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە دێن”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، کاروانەکە بەسەر رێکخراوە هاوبەشەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا لە باکووری رۆژئاوای سوریا دابەشکراوە، 7 بارهەڵگریان گەیەندراوەتە رێکخراوی ‘عەتا’ کە هەر بارهەڵگرێکیان 2501 سەبەتەی خۆراکی تێدابووە.
به گوێرەی هەمان سەرچاوە، بارهەڵگرەکانی دیکەش گەیشتوونەته دەست رێکخراوەکانی “شەفەق، میرسی، نەسائیم خیرئەیادی ئەلبەیزا و وەتەن”، که سەرجەمیان سەبەتەی خۆراک و چادر و پێداویستی دیکەیان تێدابووە.
ژمارەی بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان کە گەیشتوونەتە باکووری رۆژئاوای سوریا، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە، لە چوارەمین رۆژی بوومەلەرزەکەوە تا ئەمڕۆ، بۆ 680 بارهەڵگر بەرزبووەتەوە، کە سەرجەمیان رادەستی رێکخراوە هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کراون.