ئەمریکا: فڕۆکەکانی رووسیا لە سوریا بۆ هەراسانکردنمان جوڵەی ناپیشەییانە ئەنجام دەدەن
هەولێر – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، لە دانیشتنێکی تایبەتی کۆمیتەی کاروباری هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، ژەنەراڵ ئێرک کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا(سێنتکۆم)، ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو بەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکادا لە سووریا دەسووڕێنەوە، بە گوتەی ئەو فەرماندەیە ئەمەش “بۆ هەراسانکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لەو ناوچەیە.”
ژەنەراڵ ئێرک کۆرێلا ئەوەی خستووەتەڕوو، “ئەوە شتێکی نوێ نییە، بەڵام جموجووڵەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە سووریا زیادیان کردووە و ئەوەی بینیومانە لەم ماوەی دواییدا، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا جموجووڵی ناپیشەییانە و نائارامیان لە ناوچەکە زیاد کردووە.”
ئەم لێدوانەی ئەو ژەنەراڵە ئەمریکییە لەدوای چەند رۆژێک لە پێکدادانی فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسی لە جۆری 27-SU و درۆنێکی ئەمریکی لەسەر دەریای رەش دێت، کە بووە هۆی تێکشکانی درۆنە ئەمریکییەکە لەنزیک هەرێمی کریمیا.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە رووداوی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکەی ئەمریکا رایگەیاند، “پێمانوایە گرنگە هێڵەکانی پەیوەندیکردن بە کراوەیی بمێننەوە لەنێوان مۆسکۆ و واشنتن”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، “ئێمە بەدوای ڕوبەڕوبونەوەدا ناگەڕێین، بەڵکو هەنگاو بۆ هاوکاری دەنێین بۆ بەرژەوەندی گەلی هەردو وڵات، دەزانین چۆن ئەو بەرژەوەندییانە بپارێزین”
ئەمریکا و رووسیا لە سووریا، رێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆیان هەیە، کە هێزەکانیان بەریەککەوتنیان نەبێت.
فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت، ئامانج لە زیادکردنی جموجووڵی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە سووریا، تەنیا بۆ هەراسانکردنی هێزەکانیانە، هەروەها دووبارە دیاریکردنەوەی ئەو “هێڵی دژە پێکدادان”ەی لەنێوان ئەو دوو هێزەدا هەیە. ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمریکا گوتیشی، رووسیا “هەموو رۆژێک پرۆتۆکۆلە سەربازییەکان پێشێل دەکات.”