بەشار ئەسەد زیادکردنی ژمارەی بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە سوریا بە “پێویست” ناودەبات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕؤ پێنجشەممە، بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا، رایگەیاند، زیادکردنی ژمارەی بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە ناوچەکانی سوریا رەنگە لە داهاتوودا “پێویست” بێت.
بەگوێرەی ئەو چاوپێکەوتنەی ئاژانسی سپۆتنیک لەگەڵ سەرۆک کۆماری سوریا، ئەسەد داوای چەکدارکردنی ئەو بنکانە بە شێوەیەک دەکات کە “هاوسەنگی هێز لە جیهاندا” بەدەستبهێنرێت.
ئەسەد گوتیشی:” نابێ روانگەی بنکە سەربازییەکان بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە ببەسترێتەوە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پرسێکی هەنووکەییە، بەڵام کاتی دەوێت، هەروەها بوونی سەربازی رووسیا لە هیچ وڵاتێکدا ناتوانرێت لەسەر شتێکی کاتی بنیات بنرێت.”
رایگەیاند،”ئێمە باس لە هاوسەنگییەکی نێودەوڵەتی دەکەین کە بوونی رووسیا لە سوریادا هەیەتی، بوونی رووسیا لە سوریادا گرنگە بۆهاوسەنگی هێز لە جیهاندا.”
ئەسەد وتیشی، “ئێمە پێمان وایە فراوانکردنی بوونی رووسیا لە سوریا شتێکی باشە کە خزمەت بەم بیرۆکەیە دەکات و ئەگەر ئەم فراوانکردنە لە وڵاتانی دیکە، یان لە ناوچەکانی دیکەشدا، خزمەت بە هەمان بیرۆکە بکات، ئەوا بەڵێ، ئێمە دەڵێین کە ئەمە شتێکە کە رەنگە لە داهاتوودا پێویست بێت”.
ئەسەد وتی: “زلهێزەکانی ئەمڕۆ ناتوانن خۆیان بپارێزن یان لە ناو سنوورەکانیانەوە رۆڵی خۆیان بگێڕن، دەبێت لە دەرەوەی سنوورەوە، لە رێگەی هاوپەیمانان لە جیهاندا یان لە رێگەی بنکە سەربازییەکانەوە ئەو رۆڵە بگێڕن.”
رووسیا دوو بنکەی سەربازی لە سوریا هەیە، بنکەی ئاسمانی حمەیمیم لە پارێزگای لازقییە و بنکەی دەریایی تەڕتووس.