هەولێر – نۆرس پرێس
یاریدەری وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ کاروباری ناوچەیی، محەمەد بن عەبدولعەزیز بن ساڵح خولەیفی پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هەوڵەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.
خولەیفی لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری کرد لە چالاکیی “12 ساڵ و زیاتر، پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا” کە هەریەک لە قەتەر، ئەمریکا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا لە ئاستی بەرزدا بەشدارییان تیادا کردبوو.
یاریدەری وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ کاروباری ناوچەیی، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەو دۆخە سەختەی سوریاییەکان پێیدا تێدەپەڕن، کە بووەتە هۆی دەربەدەری و ئاوارەبوونی ملیۆنەها کەس لە سەرتاسەری جیهاندا، دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی هەزاران کەس و وێرانبوونی شارەکان و رووخاندنی ژمارەیەکی زۆری باڵەخانە.
ناوبراو دەربارەی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات کە تورکیا و سوریای گرتەوە، رایگەیاند کە ئەو بومەلەرزانە دۆخی سوریایان سەختتر کردووە؛ ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەی بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پێداویستی پزیشکی بەخێرایی، پردێکی ئاسمانیی دامەزراندووە و تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنی رەوانەی ئەو وڵاتە کرد.
هەروەک خولەیفی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ تەواوی هەوڵەکان دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا و گوتی: “قەتەر بەردەوامە لە هەڵوێستی خۆی، کە تاکە رێگای چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا لە نێوان لایەنەکاندا رێگەچارەی سیاسییە وەک ئەوەی لە بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش و یەکەم راگەیەندراوی جنێڤدا هاتووە کە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا و ئاسایش و سەقامگیری هاوڵاتییان بپارێزرێت”.
ناوبراو جەختیشی لە پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ هاوڵاتییانی سوریا و داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بەردەوام بن لە هاوکارییە مرۆیی و سیاسییەکانیان بۆ هاوڵاتییانی سوریا.