ئەسەد: هیچ دیدارێک لەگەڵ ئەردۆغان ناکرێت بە بێ دەرچوونی هێزەکانیانیان و راگرتنی پاڵپشتیان لە “تیرۆر”

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا رایگەیاند، ئەنجامدان یان رێکخستنی کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هیچ بەهایەکی نییە، بەرلەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا نەکشێنەوە و واز لە پشتیوانیکردنی “تیرۆر” نەهێنن.

ئەسەد، لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ دەزگای “ریا نۆڤۆستی رووسی” رایگەیاند، کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان پەیوەندی بە “گەیشتن بەو قۆناغە هەیە کە تێیدا تورکیا بە روونی و بێ هیچ گومانێک ئامادە بێت بۆ کشانەوەی تەواوەتی سەربازەکانی لە خاکی سوریا.”

جگە لە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئەسەد، مەرجێکی دیکەسی بۆ دانوسانەکان زیاد کرد کە  وەستاندنی “پشتیوانیکردنە لە تیرۆر” و گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش هەڵگیرسانی شەڕ لە سوریا.

جەختیشی کردەوە، “ئەمە تاکە بژاردەیە کە بتوانم لە رێگەیەوە دیدارەکەم لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجام بدەم”.

ئەسەد دەپرسێت: بەهای کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرە چییە و بۆچی رێکدەخرێت ئەگەر ئەنجامەکەی کۆتاییهێنان بە جەنگی سوریا نەبێت؟

تورکیا رۆڵێکی نەرێنی لە شەڕی سوریادا گێڕا، بەو پێیەی پشتیوانی لەو رێکخراوانە دەکرد کە دیمەشق بە “تیرۆریست”یان دەزانێت و هێزەکانی هێنایە ناو خاکی سوریاوە، بەگوێرەی ئەوەی ئەسەد بە ئاژانسەکەی رووسیای راگەیاندووە.

جەختیشی لەوە کردەوە:” بۆ ئێمە تورکیا وڵاتێکی داگیرکەرە”.

بەڵام ئەسەد کە لە سێشەممەوە و لە گەشتەکەیدا بۆ مۆسکۆ لەگەڵ پوتین و سەرکردەکانی رووسیا کۆبوونەوەی ئەنجامدا، رۆڵی رووسیای بە گرنگ وەسف کرد لە پاراستنی “پەیوەندی باش” لەگەڵ سوریا و تورکیادا.

لەلایەکی دیکەوە لە راگەینراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری سوریادا هاتووە کە پوتین و ئەسەد باسیان لە دەستپێشخەرییەکانی رووسیا کردووە بۆ هاندانی دیالۆگ لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، بەڵام بەو مەرجەی هێزە بیانییەکان تەواوی خاکی سوریا جێبهێڵن، هاوکات ئەسەد پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران کردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر