نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمەریكا كۆبووەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە په‌راوێزی دیداری سلێمانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی تێری ووڵف یاریدەدەری تایبەتی سەرۆکی ئه‌مه‌ریکا و بەڕێوەبەری باڵا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و شاندێكی یاوەری كۆبوووەوە.

بارودۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد و دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوانیان، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.

شاندی باڵای ئەمەریكا بەردەوامیی پشتگیری و هاوكاریی ئەمەریكای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

دەربارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، شاندی ئەمەریكا یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان به‌ پێویست زانی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و سەختییەكانی ئێستا لە عێراق و هەرێمی كوردستان.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابوون كە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها جه‌ختیان له‌ پشتگیریی بەڕێز محەمەد شیاع ئەلسوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و كارنامەی حكوومەتەكەی کرده‌وه‌.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بە گشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.