هەسەدە دەستگیرکردنی ئەندامێکی داعش لە دێرەزوور ڕادەگەیەنێت

رەقە – نۆرس پرێس

ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ڕایگەیاند، یەکینەکانی دژە تیرۆر ئەندامێکی ڕێکخراوی داعشیان لە دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستگیرکردووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند، یەکەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان، لەدوای ئۆپەراسیۆنێکی چاودێری ورد هەڵیان کوتاوەتە سەر شوێنی حەشاردانی داعش و ئەو ئەندامەی داعشیان دەستگیرکردووە.

ئاماژەیان بەوەشدا کە ئەو ئەندامەی داعش کاری بۆ پێدانی زانیاری هەواڵگری بە شانەکانی ڕێکخراوە کردووە، بە ئامانجی ئەوەی کە پلان بۆ ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان دابنێت تا ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکەنە ئامانج.

لەو ئۆپەراسیونەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، توانیویانە دەست بەسەر چەندین چەک و کەرەستەی سەربازی و چەکی کڵاشینکۆف و 3 مۆبایل و تەقەمەنیدا بگرن.

جێی باسە لە یازدەی مانگی شوباتی ڕابردوودا، هەسەدە، هەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی داعشی ڕاگەیاند، و هەروەها لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە شارۆچکەی ئەلسور لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دەست بەسەر بڕێک چەک و ئامێری سەربازیدا گیراوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: ئەحمەد عوسمان