کوژرانی پەنابەرێکی دیکەی سوری لە لایەن جەندرمەی تورکیاوە

ئیدلیب- نۆرس پرێس

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، ئەمە دووهەم پەنابەرە کە لەلایەن جەندرمەکانی تورکیاوە لە سنووری باکوری ئیدلب بکوژرێت.

سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە جەندرمەکان تەرمەکەیان فڕێداوەتە ناو دارستانەکانەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کەسوکارەکەی داوا دەکەن تەرمەکەیان رادەست بکرێتەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە بکرێت.

شەممەی رابردووش گەنجێکی پەنابەر بەناوی “ئەحمەد ئەلقەستەڵ” لە سنووری تورکیا کوژرا دوای ئەوەی لەگەڵ حەوت کەسی تردا دەسگیر دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن، دەسگیرکراوەکان رایانگەیاند کە دوای پەڕینەوەیان لە دەروازەی باب ئەلهەواوە، هاوڵاتییەکیان لەگەڵدا بوو بە ناوی “عەبدۆ خەلیل سەیح” لەلایەن جەندرمەوە کوژرا و تەرمەکەی فڕێدراوەتە ناو دارستانەکانی سەر سنوورەوە.

دووشەممەی رابردوو، سەرچاوەکان لە دەروازەی باب ئەلهەواوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، دانیشتوان و چالاکوانان لە دەروازەی باب ئەلهەوا، بۆ شەرمەزارکردنی پێشێلکارییەکانی جەندرمەی تورکیا کۆبوونەتەوە و داوای رادەستکردنەوەی تەرمی قوربانییەکەیان کردووە بە خێزانەکەی.

یەکشەممەی رابردوو، چالاکوانان و دانیشتوانی شاری ئیدلب و گوندەوارەکەی لە خۆپیشاندانێکدا لە دەروازەی باب ئەلهەوا لە باکووری ئیدلب، داوای رادەستکردنەوەی تەرمی ئەو “عەبد ئەلرەزاق ئەحمەد ئەلقەستاڵ”یان کرد بە خێزانەکەی، کە لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە کوژرا، لەکاتێکدا هەوڵی پەڕینەوەی بۆ ناو خاکی تورکیا دەدا.

ئەم بانگەوازانە هاوکات بوو لەگەڵ بانگەوازەکانی تری چالاکوانانی شاری عەفرین، بۆ دەربڕینی هەڵوێستی ناڕەزایەتی لەژێر ناوی ” پێشێلکارییەکانی جەندرمە راگرن”، کە سەرکۆنەی کوشتن و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی سورییان کرد کە هەوڵی پەڕینەوە دەدەن بۆ ناو خاکی تورکیا.

زۆربەی ئەوانەی هەوڵی چوونە ناو خاکی تورکیا دەدەن، پەنا دەبەنە بەر رێگای قاچاخی مەترسیدار، ئەمەس لەبەر نەبوونی رڕێگەی دیکە، بۆ یەکخستنەوەی خێزانەکانیان یان دەستەبەرکردنی کار، بەتایبەتی بەهۆی خراپی بارودۆخی ژیان و دۆخی ئابووری ناوچەکە.

ئەو هاوڵاتییە سووریانەی هەوڵی چوونە ناو خاکی تورکیا دەدەن، لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە هێرش دەکرێنە سەریان و بە گولەی زیندوو تەقەیان لێدەکرێت.

بەشی چاودێری و بەڵگەنامەی نۆرس پرێس لە سەرەتای ئەمساڵەوە 18 حاڵەتی کوشتن و 46 بریندار کردنی تۆمار کردووە، کە منداڵێک و 3 ژنیان تێدایە .

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: فنسە تەمۆ