دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بۆ گەڕان و بەدواداچوونی ئەندامانی “داعش” لە قامشلۆ

قامشلۆ- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە گەڕەکی “ئەلعەلایە” لە رۆژهەڵاتی قامشلۆ دەستپێکرد بۆ گەڕان و بەدواداچوونی شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەو شارەدا.

سەرچاوەیەکی ئەمنی له ئاسایشەوە به نۆرس پرێسی راگه یاند، هێزەکانیان له کاتژمێرکانی  سەرلەبەیانییەوه بەدوای شانەکانی داعش و چەک و مادەی هۆشبەری نایاساییدا دەگەڕێن.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ قەدەغەی هاتوچۆیان لە گەڕەکی “ئەلعەلایە” راگەیاند، پێش ئەوەی دەست بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و بەدواداچوون بکەن لە گەڕەکەکەدا.

لە گەڕەکی “ئەلعەلیە”ی شاری قامشلۆ، زیندانێک هەیە کە ئەندامانی “داعش”ی تێدایە و چەند رۆژێک لەمەوبەر گرژی و هۆشداری ئەمنی بەخۆوەبینی.

لەم چوارچێوەیەدا، چەند رۆژێک لەمەوبەر، زیندانی سناعە لە حەسەکە جێگیربوونی هێزی ئەمنی زۆری بەخۆوەبینی و سەرچاوە سەربازییەکان لەو کاتەدا رایانگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە کە شانەکانی داعش جوڵەیان کردووە بۆ ئەوەی ناوچەکە بکەنە ئامانج.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: شەڕڤان جەمیلۆ