ترس لە ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی سوری لە ئەوروپاوە زیادیکردووە
دیمەشق- نۆرس پرێس
“فەرمانگەی کۆچبەری دانیمارک” بارودۆخی ئەمنی لە هەردوو پارێزگای لازقییە و تەڕتووسی سوریا بە “سەلامەت” ناساند، ئەوەش وەک سەرەتایەکە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی سوریا.
بڕیارەکەی کۆچبەری دانیمارک دوای ئەوە هات کە پارێزگاری دیمەشق و گوندەوارەکانی لە کاتێکی پێشتری ساڵی 2019دا، ناوچەکانی پایتەختی بە “سەلامەت” ناساند، ئەوەش سەرەڕای مشتومڕی زۆر و رەتکردنەوەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە مرۆییەکان لەو کاتەدا.
لە بەرامبەردا، هیومان رایتس وۆچ، لە راپۆرتێکی نوێدا، پێی وایە کە پەنابەرانی سووری لە دانیمارک هەڕەشەی گەڕانەوەی زۆرەملێیان لەسەرە، رەنگە پاراستنی کاتی لە دانیمارک لەدەست بدەن و ناچار بکرێن بگەڕێنەوە بۆ سوریا.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە 17ی ئازاردا، “دەستەی تانەدان لە پەنابەرانی دانیمارک تانەدانەکانی سورییەکانی لازقییە بۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاراستنی کاتیان، تاوتوێ دەکات”، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەگەر دەستەکە پشتگیری لە بڕیارەکەی وەزارەتی کۆچبەران بکات، ئەوە دەبێتە مەترسی بۆ زۆرێک لە پەنابەرانی سوریا کە ئێستا لە دانیمارک نیشتەجێن”.
دەستەکە لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە 77%ی کەیسەکانی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی تانەدان لە وەزارەتی کۆچبەران لە لایەن هەندێک سیاسەتمەداری دانیمارکەوە و دەڵێن رێژەی بەرزی هەڵوەشاندنەوەکان “ئاماژەیە بۆ ئەوەی وەزارەتی کۆچبەران یاساکان زۆر بە تەسکییەوە لێکدەداتەوە”، بەپێی وتەی هیومان رایتس وۆچ.
رێکخراوی مافی مرۆڤ داوای لە کۆپنهاگن کردووە بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و دەڵێت: “لەبری ئەوەی دانیمارک پارێزگاری لە سوریاییەکان وەربگرێتەوە و لە ناوەندەکانی دیپۆرتکردنەوەدا بەجێیان بهێڵێت، پێویستە دانیمارک بڕیارەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاراستن بۆ بەشێک لە پەنابەرانی سوریا پێچەوانە بکاتەوە و دان بەوەدا بنێت کە ئەوان هێشتا لە دۆخێکی خراپ و مەترسیداردان لە وڵاتی خۆیان، جا لە هەر ناوچەیەکەوە هاتبن”.
رێکخراوی “هیومان رایتس وۆچ” و “لێبوردنی نێودەوڵەتی” لە راپۆرتەکانی پێشوویاندا رایانگەیاندووە کە “سورییە گەڕاوەکان رووبەڕووی پێشێلکاری و گۆشەگیری قورس و پێشێلی مافە مرۆییەکانیان دەبنەوە لەلایەن رژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بەوانەوە، لەوانە ئەشکەنجەدان، کوشتنیان لە دەرەوەی یاسا و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ”.