وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان: 400 ملیار دینار تەنها بۆ مووچە هاتووە

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە 400 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ مووچە هاتووە و بۆ هیچ بابەتێکی دیکە خەرج ناکرێت.

ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدادا هەیە و ڕێککەوتنیش لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 12.67% کراوە تاوەکو کاتی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان کە بڕیارە لە  مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، دواتر لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێرییە مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

وەزیری دارایی و ئابووری جەختی کردەوە کە 400 ملیار دینارەکەی بەغدا تەنیا بۆ مووچە هاتووە و بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و دڵنیایشی بە هاووڵاتییان دا کە مووچەی مانگی ئازار لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت.