ترس لە گەڕانەوەی زۆرەملێی پەنابەران لەئارادایە

دیمەشق – نۆرس پرێس

فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی دانیمارک، ڕەوشی ئەمنی پارێزگاکانی تەرتوس و لازقیەی سوریا بە ناوچەیەکی ئارام زانیوە بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا.

لە بەرامبەردا، هیومان ڕایتس وۆچ، لە ڕاپۆرتێکی نوێدا، ئاشکرایکرد کە پەنابەرانی سوری لە دانیمارک هەڕەشەی گەڕانەوەی زۆرەملێیان لەسەرە، و ڕەنگە ناچار بکرێن بگەڕێنەوە بۆ سوریا.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدار دەبێت بۆ زۆرێک لە پەنابەرانی سوریا کە ئێستا لە دانیمارک نیشتەجێن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ داوای لە کۆپنهاگن کردووە بڕیارەکەی پێچەوانە بکاتەوە و پارێزگاری لە سورییەکان بکات و، پێویستە دانیمارک دان بەوەدا بنێت کە سورییەکان هێشتا لە دۆخێکی خراپی و مەترسیدان لە نێو وڵاتی سوریادا.

هەر یەک لە ڕێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ و لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ڕاپۆرتەکانی پێشوویاندا ڕایانگەیاندوە کە سورییە گەڕاوەکان ڕووبەڕووی پێشێلکاری و گۆشەگیری قورسی مافی مرۆڤ دەبنەوە لەلایەن ڕژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە رژێمی سوریا، لەو پێشێلکاریانەیشی کەرووبەرووی دەبنەوە، ئەشکەنجەدان و کوشتن و بێسەروشوێنکردن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: فازڵ محەمەد