فەرمانگەی میدیا و زانیاری : چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم مافی پێشمەرگە نەخۆش و بریندارەكان دەپارێزێت
هەولێر- نۆرس پرێس
وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە، ئاستی کەمئەندامێتیی ئەو پێشمەرگانە دیاری دەکات کە لە شەڕەکاندا بریندار بوون و بەپێی ئاستی برینداربوونیان خانەنشین دەکرێن.
لە هەمان کاتیشدا چارەسەری ئەو پێشمەرگانە دەکات کە لە ناوخۆی وڵات پێیوستییان بە چارەسەرە و تێچووی خەرجیی ئەو پێشمەرگانەش لە ئەستۆ دەگرێت کە لە دەرەوەی وڵات پێویستییان بە چارەسەرە.
عەزیز حەسەن، كە پلەی عەقیدە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لەكاتی سەردانیكردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پزیشکیی گشتی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی لیژنەی باڵای پزیشکییەوە ئاستی پەکەوتەیی دیاری بکرێت، بۆ پێگەی فەرمیی حكومەت دوا و باسی لەوە كرد، كە ساڵی 2015 لە شەڕی دژ بە داعش بریندار بووە و جگە لە بەركەوتن و پەککەوتنی بەشێک لە جەستەی، بینایی چاوێکیشی لەدەست داوە، ئەو دەستخۆشی لە ستاف و پزیشكانی لیژنەكە كرد، بۆ ئەوەی بە ئاسانی و وردی و دڵسۆزی و ڕێزەوە كارەكانیان بۆ ڕایی كردووە.
لیژنەكە لە نۆ پزیشكی تایبەت پێكهاتووە و هەموو بەشەكانی پزیشكی لەخۆ دەگرێت. د. شوان ڕەمەزان، یەکێک لە ئەندامەکانی لیژنەی باڵای پزیشکییە، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: پشكنینی تەواو بۆ جەستەی نەخۆشەکە دەكەین و بەپێی ئەو پڕۆتۆكۆڵەی هەیە، ئێمە وەكو لیژنەی پزیشكی، بەپێی ئاستی برینداربوونەكەی ژمارەی پێ دەدەین، ئەمەش بۆ ئەوەیە مافی خۆیان بەپێی ئەو ڕێژەیەی بۆیان دیاری دەكرێت، پێیان بدرێت.
جگە لە دیاریكردنی ڕێژەی برینداربوون، لەبارەی كاری لیژنەكە بۆ چارەسەركردنی پێشمەرگەكان، د.شوان ڕەمەزان، دەڵێت: پێشمەرگە هەیە پێویستی بە چارەسەر هەیە، جا چارەسەرەکە بە پێدانی دەرمان بێت یان نەشتەرگەری؛ لیژنە دوای وردبینی، ئەگەر چارەسەری لە ناوخۆی وڵات پێویست بێت بۆی دەكەن و ئەگەر پێویستی بە دەرەوەی وڵاتیش بێت، تێچووەکەی دەگرنە ئەستۆ.