زیاتر لە مانگێکە 150 ماڵ لە قامیشلۆ بێ کارەبان

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

زیاتر لە مانگێکە نزیکەی 150 ماڵ لە گەڕەکی حەلکۆ لە باشووری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان بەدەست پچڕانی بەردەوامی کارەباوە دەناڵێنن.

سیهام شێخمووس، دانیشتووی گەڕەکەکە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ماوەی زیاتر لە مانگێکە کارەبای حکومییان نییە، بە وتەی ئەو، دوای ئەوەی محاویلەی گەڕەکەکەیان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دزراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانە تووشی کێشە دەبن لە بەدەستهێنانی ئاو و کارپێکردنی ئامێرە کارەباییەکان کە پێویستیان بە وزەی جێگیر هەیە، “چونکە مۆلیدە ئەمپێرییەکان پێداویستییەکانمان بەدی ناهێنن”.

دانیشتوانی ئەو گەڕەکە زیاتر لە 20 رۆژ لەمەوبەر داواکارییەکیان پێشکەش بە کۆمپانیای کارەبای قامیشلی کرد بۆ دانانی یەکەیەکی نوێ، بەڵام کۆمپانیاکە وەڵامی داواکاریەکەیانی نەدایەوە و تەنیا ئەوەیان پێگوتوون کە دانانی یەکەی نوێ 900 دۆلاری تێدەچێت.

شێخموس ئاماژەی بەوه دا که کۆمپانیاکه داوای لە دانیشتوانی گەڕەکەکە کردووە کە لەسەر حیسابی خۆیان یەکەیەکی نوێی دامەزرێنن، بەڵام دانیشتوان ناتوانن ئەو تێچووە بدەن، ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی یەکەی نوێی کارەبا “ئەرکی کۆمپانیاکانی کارەبایە و دانیشتووان هیچ لەوە بەرپرسیار نین”.

بەرپرسی بەشی تەکنیکی لە کۆمپانیای کارەبا لە قامیشلۆ، عەمار عیسا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ناوچەکە زۆربوونی دزینی یەکە و محاویلەی کارەبایی بەخۆوە بینیوە، هەروەها 36 ناوەندی کارەبا لە شاری قامیشلۆ دزینی پارچەی جۆراوجۆریان بەخۆوە بینیوە.

ئەو بۆ نۆرس پرێس روونیکردەوە کەرەستە دزراوەکان بریتین لە “کێبڵەکانی مس، دەرچەی چوارلایەنە، یەکەی دەرچوونی محاویلە، بن، فیوز و سەری کێبڵ”، ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆی گشتی گۆڕینی شتە دزراوەکان نزیکەی 15 هەزار دۆلاری دەوێت.

ئەو بەرپرسەی کارەبا ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەری دانانی یەکە و محاویلەی نوێ لەو گەڕەکە هەیە کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەڵام بڵاوبوونەوەی دزی رێگری لە گۆڕینی سەرجەم یەکەکان دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ گۆڕینی محاویلەی ئەو گەڕەکە بخاتەڕوو.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش