کەنعانی: لە داهاتودا کۆبونەوەی دیکەی باڵا لەنێوان سعودیە و ئێران ئەنجام دەدرێن
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دوای رێککەوتنی ئاساییبونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان تاران و ریاز بەنێوەندگیری چین، لە داهاتویەکی نزیکدا هەردو وڵات لەسەر ئاستی باڵای سیاسی، سەربازی و ئەمنی چەندین کۆبونەوەی دو قۆڵی ئەنجام دەدەن و لەسەر دۆخی ناوچەکەش هەماهەنگی و کاری پێکەوەییان دەبێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کەنعانی باسی لەوەکرد، تاران و ریاز دوای ساڵێک و شەش مانگ لە گفتوگۆی چڕوپڕ دەستیانکردووە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان، راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان هەردو وڵاتیش بەنێوەندگیری ژمارەیەک وڵات و ژمارەیەک کۆبونەوە بووە کە پێنج قۆناغی کۆبونەوەکان لە بەغدا و سێ کۆبونەوەی دیکەش لە مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەتی عومان ئەنجام دراون.
گوتیشی، دوای سەردانەکەی سەرۆکی چین بۆ سعودیە و سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بۆ چین، گفتوگۆ لەسەر رۆڵی پەکین کراوە بۆ نزیکردنەوەی زیاتری نێوان ئێران و سعودیە، بە نێوەندگیری چین ژمارەیەک کۆبونەوەی باڵا لەنێوان هەردو وڵات ئەنجام دراون و گەیشتوون بە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: “تاران وەک دۆسیەیەکی گرنگ و بەنیەتێکی پاک و باشەوە مامەڵە لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە دەکات، هەربۆیە لە قۆناغی داهاتودا کۆبونەوەی دیکەی باڵا لەنێوان سعودیە و ئێران ئەنجام دەدرێن و لەبوارەکانی سیاسی، ئەمنی و سەربازی دانیشتن و کۆبونەوەی دوقۆڵی ئەنجام دەدرێن.”