سوریا.. بەرگری رووسیا کوژرانی سێ کەسی لە دواین هێرشەکەی ئیسرائیل راگەیاند
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، ئۆلێگ گۆرینۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا رایگەیاند، لە بۆردومانەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیلدا 3 کەس کوژراون.
دوێنێ یەکشەممە، دەزگای فەرمی “سانا” رایگەیاند، لە بۆردومانێکی ئیسرائیلی کە هەندێک ناوچەی گوندەواری “مەسیاف”ی لە گوندەواری حەمات کردە ئامانج، 3 کەس بریندار بوون.
گۆرینۆڤ گوتیشی: “دوو فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیلی هێرشێکی مووشەکییان لە رۆژئاوای سوریا دەستپێکرد و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەیان کردە ئامانج.”
ناوبراو رایگەیاند: لە نێوان کاتژمێر 7:14 بۆ 7:23ی 12ی ئازار، دوو فڕۆکەی جەنگی ئێف 16ی ئیسرائیلی لە باکووری لوبنانەوە هێرشێکی مووشەکییان ئەنجامدا و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەیان لە شارەکانی مەسیاف و سەفسافە لە رۆژئاوای سوریا کردە ئامانج و سێ کەس کوژران و زیانی ماڵی لێکەوتەوە.”
سێشەممەی رابردوو بۆردومانێکی ئیسرائیلی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبی کردە ئامانج و جموجوڵێکی ئێرانیشی لە فڕۆکەخانەی سەربازی نیراب کردبووە ئامانج، بەپێی ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکان.