بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش، پاڵپشتییەک دەبێت بۆ جێبەجێکی کردنی ڕێککەوتننامەی شنگال

هەولێر – نۆرس پرێس

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕاوێژکاری تایبەتی سكرتێری گشتیی UN هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و تیمی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش تاوتوێ دەکەن.

دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری حکومەتی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد لەگەڵ کریستین ڕیتسچێر ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کۆبووەوە.

لە دیدارێکی نێوانیاندا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕۆشنایی خستە سەر هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و یونیتاد لە بوارە هاوبەشەکان لەوانە بنیاتنانی تواناکانی دادوەران، ئەرشیفکردنی بەڵگەکان، وبنیاتنانی کەیسەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکی بەهێزی هاوبەشدا.

نوێنەری حکومەتی هەرێم، ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە دوای دەستبەکاربوونی یونیتاد حکومەتی هەرێم و خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری تەواو لە تیمی یونیتاد لە ئەرکەکەی دەکات، راشیدەگەیەنن، کە لەو چوارچێوەیەدا پێشکەوتنی باش بەدی هاتووە بەتایبەتی لە پڕۆسەی ئەرشیفکردن بەڵگەنامەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی نێوان هەردوولا هەنگاوی زۆری بڕیوە و پرۆسەکەش بەردەوامی هەیە.

نوێنەری حکومەتی هەرێم جەختی لە گرنگی ئاڵوگۆڕی زانیاری و پتەوکردنی پەیوەندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا لەڕووی هەماهەنگی لە بڵاوکردنەوەی زانیاری بە پشتبەستن بە ڕۆڵی ڕاوێژکاری یونیتاد کردەوە.

ئەوەشی راگەیاند، لەو چالاکیانەی لە دەرەوە وناوەوەی عێراقدا ئەنجام دەدرێن لە چوارچێوەی لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانی عێراقی بۆ هەمانگی کردن لەگەڵ یونیتاد (NCC)، پێویسته حکومەتی هەرێم بەشداریی کارای تێدا هەبێت، تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆری قوربانیانی دەستی داعش و کەسوکاریان لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن و حکومەتی هەرێم هاوکارییان دەکات و هەوڵەکانی رزگارکردنی رفێندرا‌وان بەردەوامن. 

نوێنەری حکومەتی هەرێم پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری فیدراڵی کرد بۆ مەبەستی بەدواداچوون بە هەوڵە یاساییەکان بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە جێگیرکردنی هەرسێ تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید لە یاسا ناوخۆییەکاندا.

کریستن ڕیتسچێر ڕایگەیاند، کە هەماهەنگییان لەگەڵ لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمان بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ یونیتاد (NCC) بەردەوامە و لەم رووەوە پلانیان هەیە، لە پرۆسەی بونیاتنانی توانای دادوەران لە هەرێم و بەغدا لە رێگای وۆرک شۆپ و خولی مەشق بەردەوامە کە ئامانج لێیان بەهێزکردنی توانای دادوەرانە بۆ باشتر تێگەیشتن و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە و دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی کە ئەنجامیانداوە.

لە کۆتاییدا هەردوو لا بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیایان بەرز نرخاند لە بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش کە پاڵپشتییەک دەبێت بۆ جێبەجێکی کردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان.