دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕۆژی یەکشەممە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق، کوژرانی 22 ئەندامی ڕێکخراوی داعشی ڕاگەیاند، لەنێو کوژراوەکانیشدا سەرکردە دیارەکانی ئەو رێکخراوە هەن.
لیوا عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەکانی باشوری قائیم کە دەکەوێتە باکوری روتبە لەشاری ئەنبار ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ئۆپەراسیۆنەدا 22 ئەندامی رێکخراوی داعش کوژراون، لەنێویاندا سەرکردە ناسراوەکانی ئەو رێکخراوە هەن وەکو بەرزان حوسێن عەلی کە بە والی فەلوجە ناسراوە، و هەروەها ناوی 14ی دیکەش زانراوە کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون.
ساعدی ڕایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە بە دوو قۆناغ ئەنجامدراوە، یەکەمیان لەڕێگەی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەیەک کە ئەندامانی رێکخراوی داعش تێدا بوون ئەنجامدراوە ، دووەمیشیان یەکەکانی هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی نهێنی جوڵەیان کردووە.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپەراسیۆنەکە زۆر بە نهێنی بووە و تەنها پێنج سەرکردە زانیاریان لەسەر هەبووە و دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەزگای هەواڵگریش بەشدارییان تێدا کردووە.