لە ڕۆژئاوای حەلەب کەسێک کوژرا و پێنجی دیکەش برینداربوون
گوندەوارەکانی حەلەب – نۆرس پرێس
ڕۆژی شەممە، لە ئەنجامی تۆپبارانی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە گوندەوارەکانی ڕۆژئاوای شاری حەڵەب ، کەسێک کوژرا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوە نێوخۆییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، بۆردومانەکە دوو ماڵی لە گوندەوارەکانی ڕۆژئاوای حەڵەب کردە ئامانج، بەهۆیەوە گەنجێک بەناوی مستەفا تالیب کوژرا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون کە لەنێو ئەو بریندارانەدا ژنێک و منداڵێک هەبوون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کەسانەی نێو ئەو دوو خانووە خەڵکی شارۆچکەی تێرمانین بوون، لە دوای رووخانی ماڵەکانیان لەو شارۆچکەیەدا ئاوارە بوون و روویان لە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەتاریب کردبوو و لەوێ نیشتەجێ ببوون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شارە لەژێر بۆردومانی بەردەوامی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقدایە، بەڵام تەحریر شام کە پێشتر بەرەی نوسرە بوون، بە چەکی قورس وەڵامیان دەدەنەوە.
دانیشتووانی شاری ئەتاریب شایەتی تۆپبارانی بەردەوامن لە نێوان هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و ئۆپۆزسیۆنەکانی لایەنگری تورکیا و تەحریر شامیش لە لایەکی ترەوە.