عێراق دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە حەبی ماددەی هۆشبەردا گرت
دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، هێزەکانی سنوری عێراق لە دەروازەی سنوری قائیم لەگەڵ سوریا، دەستی بەسەر زیاتر لە سێ ملیۆن حەبی ماددەی هۆشبەردا گرت، ئەو ماددە هۆشبەرانە لە نێو سندوقی سێوی کوالیتی خراپدا شاردرابوونەوە.
بەیاننامەیەکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراق گەیشتووە، رایدەگەیەنێت، کاربەدەستانی دەروازەی سنوری قائیم، لەبەدواداچونێکدا توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە حەبی ماددە هۆشبەرەکاندا بگرن کە زیاتر لە سێ ملیۆن حەبی جۆری جیاوازی لەخۆگرتبوو، ئەو حەبانە لە ناو سندوقەکانی میوەی سێودا شاردرابوونەوە و خرابوونە نێو سەلاجەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە پرۆسەی دەست بەسەرداگرتنی ئەو ماددە هۆشبەرانە لە رێگەی سەرچاوە تایبەتەکانەوە ئاشکرابووە و توانیویانە دەستی بەسەردا بگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا و ڕاپۆرتی فەرمی لەوبارەیەوە نوسراوە، پاشان شۆفێر و ماددە هۆشبەرەکان ڕەوانەی بنکەی پۆلیسی قائیم کران بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی پێویستیان لەگەڵدا بگیرێتەبەر.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە کە بەردەوام دەبن لە کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگری لە تێپەڕبوونی ئەو ماددانە بە دەروازە سنوورییەکانی وڵاتدا دەکرێت ئەمەش لە پێناو پاراستنی ئاسایش و تەندروستی دانیشتووانی ناوچەکە.