یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 15 بارهەڵگر پێکهاتوون
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئەمرۆ شەممە، کاروانێکی نوێی هاوکاریە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکوری شاری ئیدلیب، هاتە نێو ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، کاروانێکی یارمەتییە مرۆییەکان کە لە 15 بارهەڵگری نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهاتوون هاتنە نێو ئەو ناوچانەی لەلایەن تەحریر شامەوە لە ئیدلیب کۆنترۆڵکراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییانە هاتوون کە بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکەوە دەگەنە ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاروانەکە بەسەر ڕێکخراوە هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا دابەشکراون، پێنج بارهەڵگر گەیشتوونەتە دەست ڕێکخراوی کۆمەڵگە جیهانییەکان کە 150 سەبەتەی خۆراکی تێدابووە، هەروەها چوار بارهەڵگریش گەیشتوونەتە ڕێکخراوی عەتا کە ئەویش لە 1250 سەبەتەی خۆراک پێکاتبوو، و شەش بارهەڵگریشیان گەیاندووەتە دەست ڕێکخراوی عەتا بۆ دابەشکردن بەسەر ئەو کەسانەی کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ژمارەی بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان کە گەیشتوونەتە باکوری ڕۆژئاوای سووریا، لە ڕێگەی دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکوری شاری ئیدلب، لە ڕۆژی چوارەمی بوومەلەرزەکەوە تا دوێنێ بۆ 586 بارهەڵگر زیادی کردووە.