یەکێتی ئەوروپا کۆنفرانسی خێرخوازی لە برۆکسل بەڕێوەدەبات

قامیشلۆ- نۆرس پرێس

دوێنێ یەکێتیی ئەورووپا دواخستنی وادەی کۆنفرانسی خێرخوازانی بۆ پشتیوانی لە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە تورکیا و سوریا راگەیاند کە بڕیار بوو لە 16ی ئادار لە برۆکسل بەڕێوە بچێت.

کۆمسیۆنی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆنفرانسەکە لەبری وادەی پێشووی کە بڕیاربوو 16ی ئادار بەڕێوەبچێت، رۆژی 20ی هەمان مانگی هەڵبژارد.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا “ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین” و سەرۆکوەزیرانی سوید”ئۆلف کریستسۆن” سەرۆکایەتی کۆنفرانسەکەی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا دەکەن، ئامانجی کۆنفرانسەکە کۆکردنەوەی پارە و هەماهەنگیکردنی فریاگوزارییە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی هەردوو وڵات.

“کۆنفرانسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا رێکدەخرێت”.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا داوای لە “سەرجەم وڵاتان و خێرخوازانی گشتی و تایبەتی کرد کە بەشداری بکەن و رێز لە یادی قوربانیان و قارەمانانی بەدەنگەوەهاتوو بگرن و پێکەوە داهاتوویەکی باشتر بۆ رزگاربووان بنیاد بنێن”.

لە 21ی شوباتدا یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند “شەش هەنگاوی بنەڕەتیان بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانە ناوە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی سوریاوە زیانیان بەرکەوتووە”.

وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا و هەروەها ئەمەریکا رەتیانکردەوە لە رێگەی دیمەشقەوە هاوکاری زیانلێکەوتوانی بومەلەرزە بکەن و جەختیان لە پشتیوانیکردنی ئەو کەسانە کردەوە لە رێگەی هاوبەشەکانیانەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: فنسە تەمۆ