سەرۆکی تونس بڕیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق دەدات

دیمەشق – نۆرس پرێس

قەیس سەعید، سەرۆک کۆماری تونس نیازی خۆی بۆ دانانی باڵیۆزێک بۆ وڵاتەکەی لە دیمەشق راگەیاند، بێئەوەی وادەیەک بۆ ئەوە دیاری بکات، ئەمەش دوایین نیشانەیە بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە لە دوای ساڵی 2011 وە بەهۆی پشتیوانی حکومەتی پێشوو بۆ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و تۆمەتبارکردنی بە ناردنی جیهادییەکان بۆ سوریا.

سەعید لە دیدارەکەی دوێنێ هەینیدا، لە کۆشکی سەرۆکایەتی قەرتاج لەگەڵ نەبیل عەمار وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، رایگەیاند “هیچ پاساوێک نییە بۆ نەبوونی باڵیۆزی تونس لە دیمەشق و باڵیۆزی دیمەشق لە تونس”.

سەرۆکی تونس، ئەو سیاسەتمەدارەی کۆتایی بە حکوومەتی ئیسلامیی هێنا لە وڵاتەکەی، گوتیشی، پرسی رژێم لە سوریا بە تەنها پەیوەندی بە سوریایەکانەوە هەیە، تونسیش مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی سوریا دەکات و بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردان لە هەڵبژاردەی خەڵکی سوریادا ناکات”.

سەعید جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی “قبووڵ ناکات کە سوریا بەسەر پارچە پارچەدا دابەشبکرێت، وەک چۆن لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هەوڵیاندا دابەشی بکەن بەسەر کۆمەڵێک وڵاتدا کاتێک رەشنووسی کۆمەڵێک دەستوور بۆ هەر وڵاتێک ئامادەکرابوو، دوای جێگیرکردنی رێککەوتنی سایکس پیکۆ.”

محەمەد مۆنسێف مەرزوکی، سەرۆک کۆماری پێشووی تونس لە ساڵی 2012دا بڕیاریدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریا بەتەواوەتی پچڕێنێت، دوای ئەوەی بێجی قاید ئەلسەبسی لە ساڵی 2015دا پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتی وەرگرت، وەزارەتی دەرەوەی تونس بڕیاریدا، کونسوڵی گشتی لە دیمەشق دەستنیشان بکات.

لەو کاتەوەی سەعید پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی گرتە ئەستۆ، پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا بە “هەڵە” زانی و ئاراستەکانی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق دووبارە کردەوە.

لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵدا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات، نەبیل عەمار و فەیسەڵ میقداد، روویدا و ئەوانیش “ویستی گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تونس و سوریا” یان نوێکردەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر