لە یادی 12 ساڵەی جەنگ لە سوریادا.. نەتەوەیەکگرتووەکان داوای زیندووکردنەوەی رێڕەوی سیاسی دەکەن

قامیشلۆ- نۆرس پرێس

دوێنێ هەینی، نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی ئەمینداری گشتییانەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، بە بۆنەی 12 ساڵەی سەرهەڵدانی جەنگ لە سوریا، داوای کرد کار لەسەر ئەو “رێڕەوە سیاسی”ە بکرێت کە لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردووەوە وەستێنراوە.

دوای راگرتنی بەشداریی شاندی حکومەتی سوریا، خولی نۆیەمی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووری سوریا وەستێنرا، تا پێشکەشکردنی داواکاریەکانی فیدراسیۆنی رووسیا ، “بە هەڵبژاردنی پلاتفۆرمێکی نوێ بۆ کۆبوونەوەکانی لیژنەکە لەبری جنێڤ”.

لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، گەیر پێدەرسن، رایگەیاند کە “چیتر ناتوانرێت خولی نۆیەمی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووری ئەنجام بدرێت”.

گۆتێرێس لە راگەێنراوێکدا گوتی: “کاتی ئەوە هاتووە بە یەکگرتوویی هەنگاو بنێن بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەستی سەرتاسەری لە سوریا و پێشخستنی خواستە رەواکانی خەڵک و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و شەرەفمەندانەی پەنابەران، بە پابەندبوونێکی بەهێز بە سەروەری، سەربەخۆیی، یەکگرتوویی، یەکپارچەیی خاک و سەقامگیری ناوچەیی سوریا.”

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەنگاوی هاوبەش و پشتڕاستکراوە لە نێوان لایەنە سوریاییەکان و لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکاندا، لەسەر کۆمەڵە پرسێکی هەمەلایەنە کە لە بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی ساڵی 2015دا دەستنیشانکراون، دەتوانێت رێگا بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام بکاتەوە”.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەو کارەساتە کرد کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا سورییەکان تووشی بوون، کە بە هەزاران قوربانی و وێرانکارییەکی گەورەی لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە بەجێهێشتووە.

سەرەتای ئەم مانگە ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد کە زیانی ماددی راستەوخۆی بوومەلەرزەکەی سوریا بە 5.1 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.

راپۆرتەکە پارێزگاکانی لازقییە، ئیدلب، حەمات و حەڵەبی گرتەوە کە نزیکەی 10 ملیۆن دانیشتوانی وڵاتەکەی تێدا نیشتەجێیە.

گۆتێرێس گوتی: زیانەکانی بوومەلەرزەکە لە باکوری رۆژئاوای سوریا زۆر خراپ بوون و پێویستە هاوکارییە مرۆییەکان لە سەرتاسەری سوریا فراوانتر بکەین، دەستەبەرکردنی بەردەوامی دەستڕاگەیشتن بە بەکارهێنانی هەموو شێوازەکان و سەرچاوەی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی زیانلێکەوتووان.

جەختیشی لەوە کردەوە کە، “گرنگی دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە هاوکارییە مرۆییە سنوربڕەکان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان بۆ ماوەی 12 مانگ لە هەموو کاتێک پێوسیتترە”.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، “سورییەکان بوونەتە قوربانی پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستێکی فراوان و سیستماتیکی، ئەم تاوانانە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدەها هەزار کەس و ئاوارەبوونی نیوەی دانیشتوانەکەی.”

جەختیشی لەوە کردەوە کە “ناکرێت چاو لە سزادان بپۆشرێت ئەگەر بمانەوێت رێڕەوێکی ئاشتی بەردەوام مسۆگەر بکەین”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: فنسە تەمۆ