حەسەکە.. چوارەمین کۆنگرەی دەرمانسازانی رۆژئاڤا

حەسەکە – نۆرس پرێس

دوێنێ هەینی، سەندیکای گشتی دەرمانسازان لە رۆژئاوای کوردستان، چوارەمین کۆنگرەی خۆی لە شاری حەسەکە لەژێر دروشمی “بە بیرکردنەوەی تەندروست، کۆمەڵگەیەکی تەندروست بنیات دەنرێت” سازکرد.

لە کۆنگرەکەدا پزیشکانی دەرمانساز لە سەرجەم لقەکانی سەندیکای دەرمانسازانی رۆژئاوای کوردستان و بەرپرسانی بەڕێوبەری خۆسەر، پارتی یەکێتی دیموکرات و بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی بەشداربوون.

بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخی کاری دەرمانسازی لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستان و لە میانی کۆنگرەکەدا، ئەندامانی نوێ هەڵبژێردران بۆ بەڕێوەبردنی سەندیکاکە لە قۆناغی داهاتوودا.

لە نۆرەی خۆیدا، دەرمانساز عەبیر حەساف، ئەندامی سەندیکای دەرمانسازانی رۆژئاوای کوردستان (لقی قامیشلۆ) رایگەیاند، “چوارەمین کۆنگرەمان، بە ئامانجی رێکخستنی پیشەی دەرمانسازییە لە رۆژئاوای کوردستان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “کۆنگرەکە کۆمەڵێک راسپاردە و بڕیاری تێدا درا، بۆ بەرزکردنەوەی پیشەی دەرمانسازی تا گونجاو بێت بۆ کاری مرۆیی و بەشداربێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا، هەروەها بتوانێت خزمەتی هاووڵاتیان بکات لەکاتی قەیرانەکاندا لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستان”.

حەساف ئاماژەی بەوەدا کە تێبینی و داواکارییەکان باس کراون، چاکسازی بۆ هەندێک بابەتی خزمەتگوزاریی پێشوو کراوە و ئەو هەڵانەی کە پێشتر ئەنجامدراون دەستنیشانکراون، هەروەها بۆچوونەکان خرانەڕوو کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڵدەستن بە رێکخستنەوەی پیشەی دەرمانسازی.

ئامادەکردنی: ژیندار عەبدولقادر – داڕشتنەوەی: سەعد یازچی