هەولێر – نۆرس پرێس
شەڵتەر و پەناگەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بوونەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکات.
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا کۆی گشتی ئافرەتانی سوودمەند لە شەڵتەرەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان، لە 895 ئافرەت پێکهاتوون.
ئەم داڵدەدراوانە تا جێبەجێکردنی ماف و مامەڵە یاساییەکانیان لەو پەناگانە لە مەترسیەکان پارێزراو دەبن و لەم ژمارەیەش، 28%ى داڵدەدراوان لە هەولێر و 43% لە سلێمانی و 28% لە دهۆک و %1 لە گەرمیانن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە گرنگیدان بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و پاراستنیان لە هەڕەشەی کۆمەڵایەتی، یەکێک لە بنەما گرنگەکانی حوکمڕانییەکی باش و حکومەتی کارایە و ئەمەش وەک بنەمایەکی نێودەوڵەتی سەیر دەکرێت و لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە پتەوی چەسپاون و بۆیەشە هەرێمى کوردستان لەو چوارچێوەیەدا گرنگى جدی بەم مافانە داوە.