هەولێر – نۆرس پرێس
میدیاى فەرمى ئێران بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوونى نوێنەرانى ئێران و سعودییە و چین. رێککەوتننامەى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان تاران و ریاز لە بەکینى پایتەختى چین واژۆکراوە.
بڕیارە لە دوو مانگى داهاتوودا باڵیۆزخانەکانی هەریەک لە ئێران و سعودیە لە وڵاتەکانی یەکترەوە بکرێنەوە ئەمە پاش حەوت ساڵ دێت لە تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سوپاسى چینى کرد کە رۆڵى هەبوو لە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان تاران و ریاز.
پاش ئەوەى لە ساڵى 2016 سعودییە سزاى لەسێدارەدانى بەسەر ” نەمر باقر نەمر” کەسایەتى شیعەى وڵاتەکەیدا سەپاند بە تۆمەتى تیرۆر، ئەم رووداوە بووە هۆی نیگەرانى ئێران و باڵیۆزخانەى سعودییە لە تاران روبەڕوى هێرش و پەلامار بووەوە، لەو ساتەوە سعودییە هەموو پەیوەندییەکانى خۆی لەگەڵ ئێراندا بچڕاندبوو.