وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: دیجلە و فوڕات چیتر وەک رووبار نەماونەتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، عون زیاب عەبدوڵا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵە ناوخۆییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد کە “سنوردارکردنی ھاتنی ئاو بۆ عێراق لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەوانە، چونکە عێراق بە وڵاتێکی دەریاچەیی دادەنرێت و زۆرینەی ئەو ئاوانەش لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەردوو رووباری دیجلە و فوڕات چیتر وەک رووبار نامێننەوە و لەئێستادا گۆڕاون بۆ دوو کەناڵ کە رێژەیەکی زۆر کەم ئاویان تێدایە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تورکیا دەروازەی ھەردوو روبارەکەی گرتووە و بەنداوی لەسەر دروستکردوون.
راشیگەیاند، عێراق لەبەردەم مەترسی وشکەساڵیدایە و ھاوینی ئەمساڵ رووبەری بەبیابان بوونی زیاتر دەبێتەوە، چونکە لەناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق رێژەیەکی کەم باران باریووە و لە ھەرێمی کوردستانیش تائێستا رێژەکە لەئاستی پێویستدا نییە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەنداوەکانی عێراق ھەموویان دەکەونە ھەرێمی کوردستانەوە، لەو ناوچانەش باران بەگوێرەی پێویست نەباریووە و لەو کاتەوەی ئەو پۆستی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی وەرگرتووە، کۆگاکانی ئاوی عێراق لە بەنداوەکاندا گۆڕانکاریان بەسەردا نەھاتووە.