وەزیری دەرەوەی ئێران: کاتی کشانەوەی هێزەبیانیەکان لە سوریا هاتووە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی فەرمی کۆماری ئیسلامی ‘ئیرنا’ بڵاویکردەوە، حسێن ئەمیر عەبدوللاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد هاوتا سوریەکەی لە دیمەشق، رایگەیاندوە: ” کاتی کشانەوەی هێزە بیانییە نایاساییەکان لە خاکی سوریا و رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە هاتووە و پێویستە سوریا جێبهێڵن”.

لە دیدارەکەیدا، عەبدوللاهیان بانگەوازی وڵاتەکەی بۆ هەموو لایەنەکان راگەیاند،کە رێز لەسەروەری و یەکپارچەیی خاک و ئاسایش و سەقامگیری سوریا بگرن، هەروەها هاوسۆزی و پشتیوانی ئێرانیشی بۆ حکومەت و گەلی سوریا بۆ بەهاناوەچونیان بەتایبەت دوای بومەلەرزەکەی 6ی مانگی رابردو دوپاتکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێران و سوریا لە کاتە سەختەکاندا دۆستن، وڵاتەکەی لە رۆژە سەختەکانی سوریادا وەک دۆست دەمێنێتەوە، ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە هێزە بیانیەکان سوریا بەجێبهێڵن و بکشێنەوە”.

دوێنێ پێنجشەممە، حسێن ئەمیر عەبدوللاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تورکیاوە بەسەردانێک گەیشتە سوریا، پەیام و تێڕوانینی تورکیای بۆ پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق لە گەڵ خۆی بۆ سوریا هێنا.