بومەلەرزەیەک ناوەڕاستی تورکیای هەژاند

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی زووی ئەمڕۆ هەینی، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلە بە پێوەری رێختەر شاری “قەیسەر”ی ناوەڕاستی تورکیای هەژاند.

سەرۆکایەتیی دەزگای کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا (ئافاد) لە راگەیەندراوێکدا لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، بومەلەرزەکە  کاتژمێر 5:28ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی روویداوە بەگوڕی 4.8 پلەی رێختەر تۆمارکراوە و چەقەکەی قەزای هاجیلەر بووە لە شاری قەیسەر.

ئافاد رایگەیاند، بومەلەرزەکە بە قوڵایی 7 کیلۆمەتر لە ژێر رووی زەوی و بەدوری 65 کیلۆمەتر لەرۆژئاوای شاری ئادیەمان رویداوە.

جێگری پارێزگاری قایسەری، “شەنۆل ئەسمەر” لە روپەڕی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تایبەت بەخۆی ئاماژەی بەوە داوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دیاریکراوە کە بوومەلەرزەکە هیچ زیانێکی نەبووە، هەروەها یەکە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە کارە مەیدانییەکانیان.