یەکێتیی ئەوروپا سیستەمی بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران رادەگرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، بڕیاریانداوە سیستمی رێگەپێدانی بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران ناسراو بە (ئینستێکس) رابگرن.

ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایانگەیاند، 10 ئەندامەکەی ئینستێکس کە لە بەلجیکا، ئەڵمانیا، فینلاند، دانیمارک، فەرەنسا، هۆڵەندا، نەرویج، ئیسپانیا، سوێد و بەریتانیا پێکدێن، گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی چیدیکە لەگەڵ دامەزراوەی ئینستێکس کارنەکەن. 

 بڕیارەکەی ئەو وڵاتانەی یەکێتیی ئەوروپا لەکاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان رۆژئاوا و ئێران گرژی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە بە تایبەت، دوای خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە دوای مردنی گوماناوی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، بابەتی فرۆشتنی درۆن بە رووسیا و کێشەکانی نەگەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015.

ئینستێکس لە ساڵی 2019 دامەزراوە و گرنگی بە بازرگانی مرۆیی نێوان ئەوروپا و ئێران دەدا کە بە شێوەیەکی بەرفراوان خۆراک، ئامێری کشتوکاڵی، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و هەروەها ئەو شتانەی کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنان، دروستکردن، پاکەتکردن، گواستنەوە، پاراستن و دڵنیابوون لە گەیشتنی کاڵا مرۆییەکان.