دەربارەی بەئەندامبوونیان لە ناتۆ.. سوید و فینلەند لەگەڵ تورکیا رێککەوتن لەسەر بەردەوامی دانوسانەکان

هێلسنکی – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، هاوپەیمانێتی ناتۆ رایگەیاند، نوێنەرانی تورکیا، سوید و فینلاند لە کۆبوونەوەیەکدا رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی دانوستانی زیاتر، دەربارەی هەوڵە وەستاوەکانی ئەو دوو وڵاتەی باکووری ئەوروپا،  بۆ بوون بەئەندام لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).

هەر 30 وڵاتی ناتۆ، داوای ئەندامێتی فینلاند و سویدیان پەسەند کردووە، جگە لە تورکیا و هەنگاریا، پەسەندکردنی پەیوەستبوونی هەر وڵاتێکی نوێ پێویستی بە پەسەندکردنی هەموو ئەو وڵاتانەی بەشدارە لە هاوپەیمانیەکەدا.

ئەنقەرە پرۆسەکەی هەڵپەسارد، هاوکات لیستی داواکارییەکانی پێشکەش بەو وڵاتانە کرد کە بریتین لە دەرکردنی دەیان دانیشتووی سوید کە زۆربەیان کوردن، حکومەتەکەی ئەردۆغان دەڵێ،” پەەیوەندییان بە گروپە جوداخوازەکانەوە هەیە “.

لە راگەینراوێکدا کە لەلایەن ناتۆوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، “بەشداربووان پێشوازییان لەو پێشکەوتنانە کرد کە بەدەست هاتوون” لەسەر رێککەوتنێکی سێ قۆڵی کە ساڵی رابردوو بە ئامانجی رازیکردنی لایەنی تورکیا ئەنجامدراوە.”

 ئاماژەی بەوەشکرد، “هەروەها هاورابوون لەسەر ئەوەی کە پەسەندکردنی خێرای داواکارییەکانی فینلاند و سوید لە بەرژەوەندی هەمووان بێت، ئەندامێتی ئەوان هاوپەیمانییەکە بەهێزتر دەکات”، دوای گفتوگۆکان بە سەرۆکایەتی “یەنس ستۆڵتنبێرگ” سکرتێری گشتی ناتۆ.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەرسێ وڵات رێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی دانوسانێکی نوێ لە چوارچێوەی هەمان ناوەڕۆکدا، پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ کە بڕیارە لە مانگی تەمموزدا لە ڤیلنیۆسی پایتەختی لیتوانیا، ئەنجام بدرێت.

لە بەرامبەردا ئەندامی دانوستانکاری سویدی ئۆسکار شتاینسترۆم ئاماژەی بەوەدا کە “هەنگاوێک بەرەو پێشەوە” نراوە. گوتیشی: “هاوتاکانمان هاوڕابوون و دانیان بە بەرێوپێشچوونی رێوشوێنەکانماندا ناوە کە گرتوومانەتەبەر”، ناوبراو زیادی کرد: لایەنی ئەرێنی ئەمڕۆ ئەوەیە، رێککەوتین کە گفتوگۆکان بەردەوام بن.

دوایین کۆبوونەوەیان دوای ئەوە دێت کە پێشتر ئەنقەرە دانوستانەکانی راگرت، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو رووداوەی کە لە مانگی کانوونی دووهەمی ئەمداڵدا لە بەردەم باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ستۆکهۆڵم ئەنجامدرا و کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی تێدا سووتێنرا.