نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئەنجامدانی لێکۆڵنەوەیەکی ورد لە  کارەساتەکەی پەرخ دەکات

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتریش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکۆنەی تۆپبارانەکانی تورکیای کرد بۆ سەر هاوینەهەواری پەرخ لە قەزای زاخۆ، پارێزگای دۆهوک، هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە هەشت هاوڵاتی مەدەنی کوژران و دەیەها برینداری لێکەوتەوە.

 لە راگەێنراوێکدا، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە،  “سەرکۆنەی ئەو تۆپبارانە خوێناوییە دەکەین کە لە ناوچەی زاخۆ لە پارێزگای دۆهوک، لە هەرێمی کوردستانی عێراق روویدا، بە گوێرەی زانیارییەکان بووەتە هۆی کوژرانی  8 هاوڵاتی سیڤیل و برینداربوونی 23 کەسی دیکە”

 بەپێی راگەێنراوەکە، گۆتریش داوای کردووە لێکۆڵینەوەی خێرا و ورد لە ڕووداوەکە بکرێت بۆ دیاریکردنی بارودۆخی دەوروبەری هێرشەکە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی.

 سکرتێری گشتی پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان خواست.

 چوارشەممەی ڕابردووش، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەرکۆنەی تۆپبارانی تۆپخانەکانی تورکیای کرد، جەختی لەوە کردەوە کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجگرتنی خەڵکانی سیڤیل پێشێلکارین و رێگەپێدراو نین.

 لە راگەێنراوەکەدا داوای کردووە کە لە هەموو کاتێکدا ڕێز لە سەروەری و سەلامەتی عێراق بگیرێت.

 دوێنێ پێنجشەممە، لە راگەێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، هەنگاو دەنێت بۆ داواکردنی دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێکردنی “تاوانەکە و دەرکردنی بڕیارنامەیەکی نێودەوڵەتی”

 وەزارەتەکە یاداشتێکی ناڕەزایی داوەتە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، کە تێیدا داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق و داوای لێبوردنی فەرمی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی بۆردومانەکەی لە تورکیا کردووە.

 ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ