ئەمریکا: کۆریای باکوور بەنیازە تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی نوێ ئەنجامبدات

هەولێر – نۆرس پرێس

لە چوارچێوەی هەوڵەکانیانی کۆریای باکووردا بۆ دروستکردنی جبەخانەی ئەتۆمی، راپۆرتێکی هەواڵگری ئەمریکا، باس لەوەدەکات کە کۆریای باکوور بەنیازە تاقیکردنەوەیەکی نوێی ئەتۆمی ئەنجامبدات.

راپۆرتی ساڵانەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان بۆ ساڵی 2023 ئاماژەی بەوەکردوە کە کیم جۆن ئون، رێبه‌ری كۆریای باكوور هەوڵەکانی بۆ هەڵدانی موشەک کە توانای هەڵگرتنی كڵاوه‌ی ئەتۆمی هەبێت، چڕکردوەتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی تاقیکردنەوە موشەکییەکانی پیۆنگ یانگ.

لە راپۆرتەکەدا کە لەلایەن نوسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتوە، “پێدەچێت کۆریای باکور خۆی ئامادە بکات بۆ تاقیکردنەوەی ئامێرێکی ئەتۆمی بۆ پێشخستنی ئامانجە راگەیەندراوەکانی”.

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە ” بە دڵنیاییەوە ‘کیم ‘چەکی ئەتۆمی و موشەکی بالیستیکی نێوان کیشوەرەکان بە گەورەترین گەرەنتی رژێمە پاوانخوازەکەی دەزانێت و هیچ نیازێکیشی نییە دەستبەرداری ئەو بەرنامانە بێت، بەو پێیەی پێیوایە بە تێپەڕبونی کات وەک هێزێکی ئەتۆمی قبوڵکردنی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت”.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، کۆریای باکوور بۆ دابینکردنی دارایی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەشێکی پشت بە داهاتی “چالاکییە تاوانکارییەکان” دەبەستێت، لەوانەش دزینی دراوی کریپتۆ.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە “ئۆپەراسیۆنێک کراوە کە لە ساڵی 2022 ئەنجامدراوە و تیایدا پیۆنگ یانگ بڕە پارەیەکی پێوانەیی (625 ملیۆن دۆلار)ی لە بنکەی دراوی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیا کە بنکەکەی لە سەنگافورەیه‌، دزیوە”.

لە ساڵانی رابردودا پیۆنگ یانگ بە خێرایییەکی زیاتر تاقیکردنەوەی موشەکی بالیستی و نێوان کیشوەرەکانی ئەنجامداوە و لە ساڵی رابردوشدا زیاتر لە 60 لەو موشەکانەی تەقاندوە.

کۆریای باکوور لە ساڵی 2006وە تا ئێستا 6 تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامداوە و هێزی هەر تاقیکردنەوەیەک لە تاقیکردنەوەی پێش خۆی زیاتر بووە، دوایین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کە ئەنجامی داوە لە ساڵی 2017دا بوو.