ئەمریکا سەپاندنی سزای زیاتری بەسەر ئێراندا راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ و بەبۆنەی 8ی ئادار، رۆژی جیهانی ژنانەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا  سزای نوێی بەسەر دوو بەرپرسی باڵای ئێران و سێ کۆمپانیای ئەو وڵاتەدا سەپاند، کە تۆمەتبارن بە پێشێلکاریی دژ بە ژنانی وڵاتەکەیان.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، دوو فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و سێ کۆمپانیای ئێرانی و بەڕێوەبەرەکانیان کە رێگەیان بۆ هێزە ئەمنییەکانی ئێران خۆش کردووە پێشێلکاری دژی ژنانی ئێران بکەن، سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سزای بەسەر دوو بەرپرسی باڵای گرتووخانەی “ئەڤین”ی تاران و ورمێدا سەپاندووە بە ناوەکانی (عەلی چەهارمەهەلی) و (دارویش بەخشی) کە دەستیان هەبووە لە ئەشکەنجەدانی زیندانیانی ئەو دوو گرتووخانەیەدا.

هەروەها سێ کۆمپانیاکەی لەنێو سزا نوێیەکانن، تۆمەتبار کراون بەوەی کەلوپەلیان بۆ هێزە ئەمنییەکان دابین کردووە تاوەکو خۆپێشاندەرانیان پێ سەرکوت بکەن. واشنتن ئاماژەی بەوەش کردووە، سزا نوێیەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەریتانیا و ئوسترالیا دراون. لەدوای خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئەمە دەیەمین پاکێجی سزاکانی ئەمریکایە دژ بە دامەزراوە و بەرپرسانی ئێرانی