پەرلەمانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ نەکشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە سوریا پەسەند کرد

دیمەشق– نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دەرکردنی پڕۆژەیاسایەک بۆ کشانەوەی هێزەکان لە سوریا، کۆبوەووە، سەرەنجام بڕیاری نەکشانەوە لە سوریا پەسەند کرا، چونکە نەیارانی ئەو پڕۆژەیە، هۆشدارییان دا لەوەی کشانەوەی هێزەکانیان رێگەخۆشکەربێت بۆ خۆسازکردنەوەی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”  کە دووبارە چالاک بێتەوە و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بخاتە مەترسییەوە.

بڕیارنامەکە لەلایەن “مات گایتز”ی نوێنەری کۆمارییەکانەوە، کە کۆماریخوازێکی ویلایەتی فلۆریدایە، پێشکەشکرا و بە ئەنجامی 321 دەنگی نەرێنی بەرامبەر بە 103 دەنگی ئەرێنی، کۆتاییهات.

نوێنەر “گایتس” لە پاشخانی برینداربوونی چوار سەربازی ئەمریکی بە بۆردومانی هێلیکۆپتەرێک لە مانگی رابردوودا لە رۆژئاوای کوردستان، ئەو پڕۆژەی خستەڕوو، کە لە ئەنجامدا سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی”داعش” کوژرا.

سەرەڕای شکستی جوگرافیای “داعش” لەسەر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێشتا شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە هێرشی پچڕ پچڕ لە ناوچەی جیاوازی سوریا و عێراق دەستپێکردووە و زیندان و کامپەکانیش دۆخی ئاژاوەگێڕانی سەرانی داعش و ماڵباتەکانیان بەخۆوە دەبینن.

لە لایەکی ترەوە تا دێت پشتیوانی لە کۆنگرێس بۆ کۆتاییهێنان بە رێگەپێدانەکانی پێشتری  بەکارهێنانی هێزی سەربازی ئەمریکا پەرەدەسێنێت.

لیژنەیەکی ئەنجومەنی پیران پێشتر پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە هەوڵی ئەوەی دەدات بەشێوەیەکی فەرمی رێگەپێدانەکانی جەنگەکانی کەنداو و عێراق کۆتایی پێبهێنرێت.

بەڵام ئەم هەوڵەی دوایی یاسادانان دەربارەی  سوریا بۆ زۆرێک لە یاسادانەرانی کۆماری و دیموکرات زۆر سەرسوڕهێنەر بوو.

بەپێی ڕاپۆرتە نیمچە فەرمییەکانی ئەمریکا، نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکی لە سوریا هەن.

یاسادانەرانی ئەمریکی پشتگیری لەوە دەکەن کە ئەمریکا ساڵی رابردوو لەگەڵ هاوبەشەکانی “هەسەدە” بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە، کە بووە هۆی کوژرانی 466 ئەندامی “داعش” و دەستگیرکردنی 250 ئەندامی دیکە. ئەمەش بەو مانایەیەدێت کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەمکاتەدا، رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر