پیدەرسن: ئەگەر نەگەین بە چارەسەرێکی سیاسی ئازارەکانی سوریا بەردەم دەبن
دیمەشق– نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە بە بۆنەی ساڵیادی دەستپێکردنی قەیرانی سوریاوە (15ی ئازاری 2011) سازکرابوو، رایگەیاند، “ئەگەر چارەسەری سیاسی نەبێت، ئازارەکانی سوریا بەردەوام دەبێت”.
روونیشی کردەوە کە سوریا پێویستی بە پرۆسەیەکی سیاسی راستەقینە هەیە بە سەرۆکایەتیی سورییەکان و بە بەشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ هەوڵێکی نێودەوڵەتی هاوئاهەنگ بۆ پاڵپشتیکردنی ئەمە، بۆ ئەوەی هەموو ئەکتەرەکان بەشێوەیەکی یەکگرتوو کار بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکانی ناو ململانێی سوریا زۆر ئاڵۆزن، بەپێی ئەوەی دووبەرەکییەکان لە ناوخۆی سوریا فراوانتر دەبن، هەروەها دووبەرەکی نێودەوڵەتییەکانیش ئاشکرا بوون، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە مەحاڵە هیچ لایەنێک یان گروپێک بتوانێت بە تەنیا چارەسەری قەیرانەکە بکات.
پێدەرسن وتی: حکومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن ناتوانن ناکۆکییەکە چارەسەر بکەن، هەروەها پلاتفۆرمی ئەستانە یان وڵاتانی عەرەبی بە تەنیا یان یاریزانە رۆژئاواییەکان بە تەنیا ناتوانن ئەم ململانێیە چارەسەر بکەن.
ناوبراو هیوای خۆی دەربڕی کە دەست بکرێت بە چارەسەرکردنی “پرسگەلێکی بەپەلە” وەک سیستەمی حکومەت، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا، ئاگربەست و ئەو ئاڵنگارییەکان کە هێشتا لەلایەن “گرووپە تیرۆریستییە قەدەغەکراوەکان”ەوە بەردەوامن، ئەمە جگە لە دۆسیەی دەستگیرکراوان و بێسەروشوێنەکان.
ئەو پێی وابوو، گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان، جگە لە پێویستی دەستپێکردنەوەی کارەکانی لیژنەی دەستوری، لەو بابەتانەن کە دەبێت سەرنجیان بخرێتەسەر، بۆ ئەوەی قەیرانی سوریا چارەسەر بکرێت.
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا، پیدەرسن داوای لە حکومەتی سوریا، ئۆپۆزسیۆن، هەموو سوریەکان و لایەنە پەیوەندیدارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە لەم کاتە گرنگەدا، پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن.