کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق: بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق شەرمەزار دەکەین
هەولێر – نۆرس پرێس
لە راگەێنراوێکدا کە دوێنێ لە پێگەی خۆیان بڵاویان کردەوە تیایدا هاتووە: “کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق هێرشی سەر خەڵکی سیڤیل و بێ بەرگری لە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆک سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات.”
لە بڵاوکراوەکەیاندا بەڕوونی تورکیایان بە ئەنجامدەری بۆردمانەکە ناوهێناوە و هانی حکومەت و دەسەڵاتدارانی عێراقیشیان داوە بە بەرزکردنەوەی داوای یاسایی و سزادانی لایەنی ئەنجامدەر.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان هێشتا بەروونی دانیان بەوەدا نەناوە کە تورکیا لە پشت بۆردومانەکەوە بێت.
دەقی راگەێنراوەکەی کۆسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق:
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق درێژەی بۆردومانی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق ئیدانە دەکات کە دەیان قوربانی خەڵکی مەدەنی بێچەکی بەدوای خۆیدا هێنا لە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆک.ئەمەش پێشێلکردنی قورسی مافی مرۆڤە و ترس و دڵەڕاوکێ بۆ ئەو هاووڵاتییە بێتاوانە دروست دەکات لە کۆماری عێراق کە سەردانی ئەو ناوچە گەشتیارییە سەلامەتانەیان کردووە.
کۆمسیۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشە خراپانە پێشێلکردنی ناوەڕۆکی یاسا پەیوەندیدارەکانی مافی مرۆڤە، کە بە هەموو شێوەیەک ئەوە قەدەغە دەکات خەڵکی سڤیل لایەنێک بن لە هەر ناکۆکییەک یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە نێوان هەر لایەنێکی نەیاردا.
لەمبارەشەوە پێویستە حکومەتی عێراق و وەزارەتی کاروباری دەرەوە، سکاڵایەکی فەرمی پێشکەش بکەن و بەڵگەی یاسایی بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەوە بخەنەڕوو.
و داوای بڕیاری گونجاو بکەن بۆ سنووردارکردنی ئەم ڕەفتارە نایاساییانە و داواش لە لایەنی تورکی بکەن هۆکار و پاڵنەرەکانی ئەم هێرشە دڵتەزێنە ڕوون بکاتەوە و داوای لێبوردنێکی فەرمی پێشکەش بکات و قەرەبووی قوربانییە مەدەنییەکان بکەنەوە لەبەرامبەر ئەو نادادپەروەری و ترساندن و پێشێلکارییە گەورەیەی کە تووشی بوون.