وەزیرانی چوار وڵات لەبارەی مەلەفی سوریا کۆدەبنەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی بۆ رۆژانی داهاتووی لەگەڵ هاوتاکانی لە سوریا و ئێران و ڕوسیای راگەیاند کە لەبارەی مەلەفی سوریا ئەنجامی دەدەن.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، چاوشئۆغلۆ جەختی لەسەرئەوە کردەوە کە گفتوگۆ و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکانی وەزیرانی دەرەوەی ئەو چوار وڵاتە بەردەوامن کە بۆ هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە ڕووسیا ئەنجام بدرێت و تێیدا جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و تورکیا و ئێران و سوریایش بەشداری تێدا دەکەن.
گوتیشی، تورکیا و ڕوسیا ڕایانگەیاند، کە هیچ کێشە و ناڕەزاییەکیان بەرامبەر بە بەشداریکردنی ئێران لە دانوستانەکانی پەیوەست بە مەلەفی سوریا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیانەدا نییە، بەجۆرێک ببێتە فۆرماتێکی چوارگۆشەیی نێوان تورکیا و روسیا و سوریا ئێران.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجەکە ڕوونە، ئەنقەرەش بە هیچ شێوەیەک کێشەی لەگەڵ بەشداریکردنی هیچ وڵاتێک یان لایەنێک لەم دانوستانانەدا نییە، هەروەها هیچ ناڕەزایەتی و تێبینیەکیشی لەسەر بەشداریکردنی ئێراندا نییە.
ڕۆژی 23ی شوبات، میخائیل بۆغدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، کار بۆ دیاریکردنی ڕێگاکانی ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی چوارلایەنە لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە، بە بەشداریی ئێران لە ئارادایە.