پاش بومەلەرزە.. تەواوکردنی کارەکانی ئۆردوگایەکی نیشتەجێکردنی نوێ لە گوندەواری عەفرین
عەفرین – نۆرس پرێس
چەند رۆژێک لەمەوبەر رێکخراوێکی خۆجێی بە هەماهەنگی تورکیا، کارەکانی دروستکردنی ئۆردوگایەکی نیشتەجێکردنی نوێی لە جەبەل ئەلئەحلام لە باشووری عەفرین تەواو کرد و دەستیان کرد بە رادەستکردنی بە ئاوارە هاوردەکانی گوندەوارەکانی دیمەشق و حومس و حەڵەب.
تەواوکردنی کاری بیناسازیەکە دوای کارەساتی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرە هات کە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی گرتەوە، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لە خراپبەکارهێنان و بەسیاسیکردنی دۆسیەی هاوکارییە مرۆییەکان لەو ناوچانەدا.
وڵاتی قەتەر، لە رێگەی باڵیۆزی وڵاتەکەیەوە لە تورکیا، کە دوای بوومەلەرزەکە سەردانی جندرێسی کردبوو، هەروەها سەرۆکی مانگی سووری قەتەریش، بەڵێنیان دابوو کە ئۆردوگایەکی نوێ بە ناوی “شاری کەرامەت” لە ژێر ناوی “ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا” دروست بکات.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ فریاگوزاری “ئەنسر” دروستکردنی ئۆردوگایەکی نوێی لە “جەبەل ئەلئەحلام” ی باشووری عەفرین تەواو کردووە، کە زیاتر لە 250 یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، چەند رۆژێک لەمەوبەر دەستیانکردووە بە رادەستکردنی بە هاوردەکان، پێشبینیش دەکرێت بەشێک لەو خێزانانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە بگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنە نیشتەجێبوونە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو ئۆردوگا نوێیە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی “ئافاد”ی تورکی دروستدەکرێت، کە بەرپرسیارە لە دروستکردنی ئۆردوگاکان لە گوندەوارەکانی ئیدلب و حەڵەب لە باکووری رۆژئاوای سوریا.
لە میانەی گەشتێکدا بۆ ناوچەکە، پەیامنێری نۆرس پرێس چاودێری دروستکردنی سێ ئۆردوگای نیشتەجێبوونی لە جەبەل ئەحلام و هۆرش خالیدیە لە قەزای شەڕان لە باشووری عەفرین کرد، کە هەریەک لەو ئۆردوگایانە لە نێوان 150 بۆ 200 یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرن و قوتابخانە، مزگەوتەکان، و خانەکانی “لەبەرکردنی قورئان”ییان تێدا دروستکراوە.
ژمارەی ئەو ئۆردوگانەی کە لەلایەن رێکخراوەکانی تورکیا، کوەیت، فەلەستینی و قەتەرەوە لە ناوچەکانی عەفرین دروستکراون، نزیکەی 18 ئۆردوگان، کە لە قەزاکانی شەڕان، شێخ حەدید، جندرێس، بولبول و راجو، بە چواردەوری عەفریندا دابەشکراون، بەپێی چاودێرییەکی پێشوو لەلایەن تۆڕی پەیامنێرانی نۆرس پرێسەوە ئەنجامدرابوو.