دابەشکردنی خواردنی ماوەبەسەرچوو بەسەر زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەدا لە جندرێس

عەفرین – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، دانیشتوانی شارۆچکەی جەندێرس لە گوندەواری عەفرینی رۆژئاڤا، خۆراکی لەقتونراوی ماوەبەسەرچوویان دۆزیەوە کە بەسەر زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکاندا دابەش کرابوون.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، رێکخراوەکانی ناوچەکە خواردنی لەقتونراوی ماوەبەسەرچوویان بەسەر دانیشتوانی پەناگەکانی نزیک شارۆچکەی جندرێسدا دابەشکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری تێکچوونی ئەو خۆراکانە دەگەڕێتەوە بۆ خراپی هەڵگرتنیان لە کۆگاکاندا، ئەمە جگە لەوەی کە رێکخراوە خزمەتگوزارییەکان بەبێ رەچاوکردنی ماوەی بەسەرچوونیان، کڕیویانن.

ئەو سەرچاوەیە تا ئێستا باسی هیچ حاڵەتێکی ژەهراویبوونی نەکردووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کۆگاکانیان بەتاڵ کردبووەوە، بۆ ئەوەی ئەم خۆراکانە بگوازنەوە بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لەدوای ئەو بوومەلەرزەیەی لە 6ی مانگی ڕابردوودا وڵاتەکەی گرتەوە، ناوچەکە بەشدارییەکی بەرفراوانی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و هاوکارییە ناوخۆییەکانی بەخۆوە بینیوە، بەڵام دابەشکردنی هەڕەمەکی و دەستبەسەرداگرتنی هاوکارییەکان لەلایەن گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیاوە رێگربوون لەوەی هاوکارییەکان بە ئاسانی بگەن بە لێقەوماوانی بومەلەرزە.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی: فەنسە تەمۆ