وەزیری دەرەوەی ئێران دوای تورکیا سەردانی سوریا دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوە میدیاییەکانی حکومەتی سوریا رایانگەیاند، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سبەی بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە دیمەشق و تیایدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆدەبێتەوە و دۆسیەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا تاوتوێ دەکات.
رۆژنامەی “ئەلوەتەن”ی نیمچە فەرمی رایگەیاند، وەزیری ئێران لە تورکیاوە بەرەو دیمەشق دێت، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق دەکات سەبارەت بە کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی کە وەزیرانی دەرەوەی سوریا، رووسیا، ئێران و تورکیا لەخۆدەگرێت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەرپرسە ئێرانییە بە بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر رابگەیەنێت، “پەیوەندییەکانی دوو قۆڵی و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە”ش تاوتوێ دەکات.
ئێران هەوڵدەدات ببێتە یەکێک لە دیارترین لایەنەکان کە هەوڵ دەدات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کە رووسیا لە نێوان تورکیا و سوریادا سەرکردایەتی دەکات، لە کۆتایی ساڵی رابردووشدا بێزاری خۆی لە نەگەشتە ئەنجام دەربڕی، دوای ئەوەی یەکەمین کۆبوونەوەی بەرپرسانی بەرگری و هەواڵگریی نێوان تورکیا و سوریا لە ساڵی رابردوودا لە مۆسکۆ ئەنجامدرا.
دوو رۆژ لەمەوبەر رۆژنامەی “ڤێدۆمۆستی”ی رووسی رایگەیاندبوو، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا سەردانێکی فەرمی بۆ مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە.
هاوکات، چاگری ئێرهان، ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکایەتی تورکیا، هەرچەشنە دیدارێکی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەدی هاوتا سورییەکەی، بەدووری زانی، بەر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا.