بەرێوبەرایەتی خۆسەر داوای کردنەوەی دەروازەی تل کۆچەر دەکات
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ڕۆژی سێشەممە، دەستەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە بەرێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان پێشوازی لە کاروانی هاوکارییە فریاگوزارییەکانی کرد کە لەلایەن خەڵکی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشی ئەو کەسانە کران کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەو دەستەیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت کە لە ڕێگەی دەروازەی تل کۆچەرەوە 25 بارهەڵگریان پێگەیشتووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە چوار بارهەڵگری تریش چاوەڕێی ڕەزامەندی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ هاتنە ناوەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە کاروانی هاوکاریەکانی سلێمانی دەگەیەنرێنە ئەو ناوچانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە لەوانەیش ناوچەی شەهبا و گەڕەکەکانی شێخ مەقصود و ئەشرەفیەی شاری حەڵەب.
ئاشکرای دەکەن کە دەستەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە شەهبا بە دابەشکردنی ئەو هاوکاریانە هەڵساون.
جێی باسە بۆ یەکەمجار لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە هاوکارییەکان لە ڕێگەی دەروازەی تل کۆچەر لە سنوری نێوان سوریا و عێراق هاتنە ناوەوە، ئەمەیش دوای ئەوەی مۆسکۆ و بەکین ڤیتۆی خۆیان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکارهێنا.
ڤیتۆی ڕوسیا و چین بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵە ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی ئەو دەروازەوەیەوە کردووە، سەرەڕای بوونی کەمپێکی زۆر لەرۆژئاوای کوردستان.
بەرێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان داوا لە هێزە نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان کردووە کە کار بۆ کردنەوەی هەمیشەیی دەروازەی سنووری تل کۆچەر بکەن بۆ هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان.