سێ کەس لە ڕۆژئاوای ئیدلب بەتەقەی جەندرمەکانی تورکیا بریندار بوون

ئیدلب – نۆرس پرێس

ڕۆژی سێشەممە لە شاری ئیدلب لە ڕۆژئاوای سوریا، سێ کەس لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوەی نێو خاکی تورکیا بەتەقەی جەندرمەکانی تورکیا برینداربوون، ئەمەش دەبێتە سێیەم حاڵەت کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا روویداوە.

سەرچاوەیەک بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندوە، پۆلیسی سەر بە تەحریر شام هەواڵی ئەو تەقەکردنەی لە سنوری نزیک تورکیای راگەیاندوە، بۆیە ئەمبولانسێک بەرەو شوێنەکە ڕۆیشت کە لەوێ  3 گەنج بە برینداری دۆزراونەتەوە و دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانەی حارم گواسترانەوە.

سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی سەر بە تەحریر شام لە شارۆچکەی عەزمەرینی ڕۆژئاوای ئیدلب، ئاماژەی بەوەکرد، خاتوو مەها رەدادی تەمەن 34 ساڵان تا ئێستا بێسەروشوێنە، و خێزانەکەیشی هەر لە چاوەڕانی هەواڵێکن لەبارەی ئەو بێ سەروشوێنەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، پیاوێک و هاوسەرەکەی بە گولەکانی جەندرمەکانی تورکیا برینداربوون، لەو کاتەی کە هەوڵیان دەدا لە باکوری ناوچەی عەزمەرین لە گوندەوارەکانی ڕۆژئاوای ئیدلب بپەڕنەوە نێو خاکی تورکیا.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوە: فەنسا تەمۆ