پاش بومەلەرزەکان.. خاچی سوور هۆشداریدەدات لە و پاشکەوتە مرۆییەکانی وێرانبوونی تۆڕەکانی ئاو لە سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند، رزگاربووانی ئەو بوومەلەرزە گەورەیەی کە مانگێک لەمەوبەر سووریای گرتەوە، رووبەڕووی ئەگەری وێرانکەری ئاڵنگاری تەندروستی گشتی دەبنەوە، دوای ئەوەی زیانی بە سیستەمی ئاوی ئەو وڵاتە گەیاند، ئەمەش دەیخاتە ژێر فشارێکی نوێوە و ترس و دڵەڕاوکێ زیاتر دەکات.
رێکخراوەکە لە زاری بەڕێوەبەری هەرێمیی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست، فابریزیۆ کاربۆنی بڵاویکردەوە، “ئەگەری وێرانکەری لێکەوتەکانی تەندروستی گشتی وەک کاریگەرییەکی ناڕاستەوخۆی بوومەلەرزەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزە”.
خاچی سوور هۆشداریشی دا کە حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستی وەک بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمییەکان لە ناوچەکە کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە تیشکی خستە سەر ئەو زیانە گەورەیەی کە بوومەلەرزەکە لە کەرتە جیاوازەکانی ژیانی ناوچەکەدا بەجێی هێشتووە، ئاماژەی بەوەدا کە سیستەمی ئاوی حەڵەب – کە ئەوەندە کۆن بووە، پارچەی یەدەگ بۆی بەردەست نەماوە – کەوتۆتە بەر فشاری زیاتر، لە سەرەتای ململانێکانی جەنگی 12 ساڵەوە تا سەرهەڵدانی قەیرانی بوومەلەرزەکان.
دوای ئەوەی بەهۆی بوومەلەرزەوە هاوڵاتیان ماڵەکانیان لەدەستداو، خەڵکێکی زۆرتر پشت بە هەمان سیستەمی پێشتر دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاو، بەگوێرەی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە، زیانی راستەوخۆی بەشە گرنگەکانی ژێرخانی ئاو، بووەتە هۆی کەمکردنەوەی کارایی سیستەمی ئاو و مەترسی پیسبوونی ئاویان زیاتر کردووە.
هەروەها بوومەلەرزەکە چەندین کۆگای ئاوی لەناوبرد و فشارێکی زیاتری خستە سەر سیستەمەکە و بەشێک لە سیستەمی ئاوەڕۆی شارەکە کە پێشتر لە کاتی شەڕەکاندا زیانێکی زۆری پێگەیشتبوو، داڕما، ئەمەش پێویستییەکانی لە ناوچەیەکدا توندتر کرد.
بەگوێرەی خاچی سوور، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاکی خواردنەوە، “ئاڵنگاریەکە” کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس لە سەرانسەری سوریادا هەیە.
رێکخراوەکە بە ژمارە و رێژەی سەدی مەزەندەی کردووە کە پێش ساڵی 2010، 98%ی دانیشتوانی شارەکانی سوریا و 92%ی دانیشتوانی کۆمەڵگا گوندنشینەکان دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە گەیشتوە، بەڵام ئەمڕۆ تەنها 50%ی سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆ بە شێوەیەکی دروست لە سەرانسەری سوریا کاردەکات.