داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو کردەوەی دژ بە سوپای عێراقی راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، دەوڵەتی ئیسلامی لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاواز لە دژی سوپای عێراق راگەیاند.

دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەینراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە سەربازگەیەکی سوپای عێراقیان کردۆتە ئامانج لەسەر رێگەی نێوان “بێجی”  و “حەدیسە”،  لە رۆژئاوای شاری “ئەلسینییە” لە پارێزگای سەڵاحەدین.

ئەوەشیان خستۆتەڕوو، بەهۆی ئامانجگرتنەکەوە سەربازێکی سوپای عێراق کوژراوە و دووی دیکەش برینداربوون.

لە راگەینراوێکی دیکەی “ئەعماق”دا هاتووە کە ئەندامانی رێکخراوەکە، بە چەکی نیشانشکێن، ئەفسەرێکی هێزەکانی دژەتیرۆری سوپای عێراقیان، لە نزیک “وادی ئەلشای” باشووری داقوق لە پارێزگای کەرکوک کردوەتە ئامانج.

سەرەڕای بەردەوامی هەڵمەتە ئەمنییەکان بۆ بەدواداچوونی شانەکانی، لەم دواییانەدا داعش کردەوەکانی لە سوریا و عێراق چڕتر کردوەتەوە.

لە 26ی مانگی شوباتی رابردوودا، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی بارەگاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لە ناحیەی هیت، رۆژئاوای ئەنبار، لە عێراق راگەیاند، کە لە ئەنجامدا چوار ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبی کوژران، لەنێویاندا ئەفسەرێک هەبوو، هەروەها دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیش سوتێنران و دەستیانگرت بەسەر چەکی بارەگاکەدا.

دوو رۆژ لەمەوبەریش، دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیاند، کە بەهۆیەوە ئەندامێکی هەسەدە شەهید بوو و و یەکێکی تریش برینداربوو لە نزیک شارۆچکەی ئەلشحێل لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئامادەکردنی: حاتەم بەشار – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان