لە 48 کاتژمێردا.. دووهەم هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕ،هەینی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا دووهەم هێرشە.

رۆژنامەی ئەلعەینی ئیماراتی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو دوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بنکەی “بامەڕنی”ی تورکیایان کردووەتە ئامانج، کە لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆکە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، لە بنکەکەدا دەنگی تەقینەوەکان بیستراوە، ئەویش گەورەترین بنکەی تورکیایە کە رێڕەوی نیشتنەوەی فڕۆکەی تێدایە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و مادیەکانەوە بەدەست نەگەیشتووە.

ئەگەری زۆرە ئەو هێرشانە لە وەڵامی بۆردومانی چوارشەممەی رابردووی تورکیا بۆ سەر هاوینەهەواری پەرخ لە پارێزگای دهۆک بووبێت کە بەهۆیەوە نۆ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و دەیەهای دیکەش برینداربوون.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی سەربازی تورکیا، 11 بنکەی سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام سەرچاوە جۆربەجۆرەکان ئاماژە بە بوونی 27 بنکەی تورکیا دەکەن، هەروەها بارەگاکانی هەواڵگری تورکی لە ئامێدی، باتوفە، زاخۆ و دهۆک، بوونیان هەیە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ