سیهەمین بۆردوومانی ئیسرائیل لە سوریا فڕۆکەخانەی حەڵەب لەکار دەخات
حەڵەب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، هێرشە ئاسمانییەکان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبیان کردە ئامانج و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەڵەبیان کردە ئامانج و لەکاریانخست، ئەوەش بە سێهەم هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سوریا هەژمار دەکرێت لەمساڵدا.
سەرچاوەیەکی سەربازی حکومی بە ئاژانسی حکومی سانای راگەیاندووە، “لە تەواوی کاتژمێر 2:07ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا، دوژمنی ئیسرائیلی لە ئاراستەی دەریای ناوەڕاستەوە، لە رۆژئاوای لازقییەوە، هێرشێکی ئاسمانیان ئەنجامدا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیانی ماڵی بە فڕۆکەخانەکە کەوت و لە کارکەوت”.
رۆژی 19ی مانگی رابردوو ئیسرائیل باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە گوندەواری دیمەشق کردە ئامانج کە کەسایەتییە سەربازییەکانی سوریا و ئێرانی تێدابووە و بەو هۆیەوە 5 کەس کوژران و 15ی دیکەش برینداربوون.
دوای چەند رۆژێک، سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، هێرشە مووشەکییەکەی دیمەشق بۆ سەر دامەزراوەیەک بووە، کە بەرپرسانی ئێرانی تێدا کۆدەبوونەوە بۆ پێشخستنی بەرنامەکانی پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان توانای مووشەکی هاوپەیمانەکانی تاران لە سوریا.
بەرپرسانی ئیسرائیلی لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکانیاندا هۆشدارییان دابوو لە بە ئامانجگرتنی هەر بارێکی چەکی ئێرانی کە بەرەو سوریا بڕوات، لە ژێر ناوی هاوکاریی نێودەوڵەتیی پاش بوومەلەرزە وێرانکەرەکە.