وەزیری بەرگری ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەێنراو گەیشتە بەغدا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەرداندا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین، بە سەردانێکی پێشتررانەگەێنراو، گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و وابڕیارە بەدوایدا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش بکات.

لەمبارەوە پێنتاگۆن رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی وەزیری بەرگری، دڵنیاییدانە بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین، کە وێڕای چڕبوونەوەی سەرنجی ئەمریکا لەسەر رووسیا و چین، واشنتن، رۆژهەڵاتی ناوینی لەبیرنەکردووە و لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی هەواڵیدا بڵاویکردەوە سەردانەکەی بەرگری ئەمریکا بۆ بەغدای پایتەخت لە چوارچێوەی گەشتەکەیدایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوین.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەک، لۆید ئۆستین لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا هێزەکانی وڵاتەکەی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای عێراقی بینیوە، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی سەردانەکەی و وردەکاری دیدار و کۆبونەوەکانی نەخراوەتەڕوو.

کاربەدەستانی ئەمریکا رایانگەیاندوە، ئەو کۆبونەوانە نیشانەیەکن بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن کە واشنتن چاوی لە دورکەوتنەوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوین، نادروستن.

حکوومەتی عێراق لەم دواییانەدا، لە رێگەی سەرۆکەکەیەوە، محەمەد شیاع سودانیەوە، دووپاتی کردەوە کە عێراق پێویستی بە هێزی ئەمریکی نییە، جگە لە راوێژکاری و مەشق و راهێنان، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵاتدا.

لە ئێستادا نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکا بۆ راوێژ و مەشقپێدانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان ماونەتەوە، ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە ساڵی 2014وە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان تەرخانکردووە، هەروەها دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریشی بۆ باشترکردنی رەوشی مرۆیی داوەتە عێراق و هەرێمی کوردستان.

لۆید ئۆستن، لە ئەیلوولی 2010 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2011 فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق، دواتر لە سەردەمی ئیدارەی دووەمی باراک ئۆبامادا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەو وڵاتە بووە، لە یەکەمین سەردانی خۆیدا وەکو وەزیری بەرگری، لەپاڵ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر، هێزەکانی وڵاتەکەشی بەسەردەکاتەوە.